دواین هەواڵ

وەرزش‌

 پێش 1 هەفتە

پرسی وەرگرتنەوەی نیشانەی کاپتنی لە تێرشتیگن، ژووری جلگۆڕینی یانەی بارسێلۆنا دەکاتە دوو بەشەوە

هەرێم نیوز

پرسی وەرگرتنەوەی نیشانەی کاپتنی لە تێرشتیگنی گۆڵپارێز، ژووری جلگۆڕینی یانەی بارسێلۆنا دەکاتە دوو بەش و هەندێک یاریزان رازی نین ئەو هەنگاوە بەرامبەر گۆڵپارێزی تیپەکەیان بگرێتەبەر.

ئاماژەکانی لەدەستدانی نیشانەی کاپتنیی بارسێلۆنا لەلایەن گۆڵپارێزی ئەڵمانی، مارک-ئاندرێ تێرشتێگنەوە، روو لە زیادبوون دەکەن، ئەمەش دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دۆسێیەی پزیشکییەکەی و پرسی تۆمارکردنی دارایی.

چاوەڕوان دەکرا، بەپێی نەریتە پەیڕەوکراوەکانی یانە کەتەلۆنییەکە، هەڵبژاردن لەناو ژووری جلگۆڕیندا بکرێت بۆ هەڵبژاردنی چوار کاپتنەکەی یانەکە بۆ وەرزی نوێ (2025-2026)، بەڵام رووداوەکانی ئەم دواییە وایان لە کارگێڕیی کردووە کە گوشار بکات بۆ دوورخستنەوەی تێرشتێگن لە پۆستی کاپتنی یەکەم، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە یاریزانان داکۆکیی لێدەکەن و لە کاتی گەشتی ئامادەکاریی ئاسیادا بەئاشکرا پاڵپشتییان کردووە.

بەگوێرەی ئەوەی کەناڵی TV3ـی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، هانز فلیکی راهێنەر ملکەچی گوشارەکانی کارگێڕی بووە و بڕیارێکی سەرەتایی داوە بە کێشانەوەی نیشانەی کاپتنیی لە تێرشتێگن، ئەمەش دوای ئەوەی گۆڵپارێزەکە رەتیکردووەتەوە واژۆ لەسەر رەزامەندیی ناردنی دۆسێیەی پێکانەکەی بۆ لالیگا بکات، کە ئەم کارە رێگری لە یانەکە کردووە کە سوود لە بەشێک لە مووچەکەی وەربگرێت لە چوارچێوەی یاساکانی "یاریی دارایی خاوێن" بۆ تۆمارکردنی گۆڵپارێزە نوێیەکەی، خوان گارسیا.

ئەم پەرەسەندنە وای لە یانەکە کرد رێکاری فەرمیی سزادان دژی یاریزانەکە بگرێتەبەر، کە ئەمەش بەردەوامبوونی وەک کاپتنی تیپەکە لەلایەن کارگێڕییەوە کردووەتە کارێکی نزیک لە مەحاڵ.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دۆخەکە بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی باسی لەوە کردووە کە فلیک هێشتا بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە و پلانی هەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەر کە یاریزانان لە گەشتە ئاسیاییەکە دەگەڕێنەوە بۆ راهێنانەکان، کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ تێرشتێگن ئەنجام بدات.

ئەم ناکۆکییەی ئێستا لەنێوان ویستی کارگێڕیی و داکۆکیی ژووری جلگۆڕین لە گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە، رەنگە قەیرانێکی ناوخۆیی دروست بکات، بەتایبەت کە زۆر لە هاوکارەکانی بەڕوونی پاڵپشتیی خۆیان بۆی دەرخستووە و پێیانوایە دەستوەردانی کارگێڕیی لە کاروباری کاپتنیی تیپەکە هەڕەشەیە بۆ سەر یەکڕیزیی گرووپەکە و ئەو نەریتە دەشکێنێت کە ساڵانێکە لەناو یانەکەدا پەیڕەو دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP