هەرێم نیوز
پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، نیازی خۆی بۆ وازهێنان لە کاری راهێنەرایەتی و مەشقدانی یانەی مانچێستەر سیتی رەتکردەوە. راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێ، تاوەکو 2035 لەکارەکەم بەردەوام دەبم.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی رۆژی هەینی، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی ئیڤێرتۆن لە پرێمەرلیگ، پێپ گواردیۆلا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا هەست بەوە ناکات کۆتایی هاتووە و دەبێت واز لە پیشەی راهێنەرایەتی بهێنێت؟ وەڵامەکەی پیپ جیاواز و سەرنجراکێشبوو، ئەو گوتی "لە 2035 دەست بە بیرکردنەوە دەکەم لەوەی وازبێنم یان نا".
گواردیۆلا ماوەیەکی زۆرە لە مەشقدانی مانچێستەر سیتی بەردەوامە و لە مانگی شەشی 2016ەوە لە پۆستەکەی بەردەوامە.
راهێنەری پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و بایرن میونشن روونیکردەوە "کاری من لە مانچێستەر سیتی هێشتا تەواو نەبووە، لەبەرئەوەشە من لێرەم، ئەوە لە بارسێلۆنا و بایرن میونشیش دووبارەبووەوە، ئەگەر کێشەیەک هەبووایە من دەکشامەوە، بەڵام لێرە، تەنانەت کێشەشم نییە".
گواردیۆلا دەڵێ هێشتا وزەی پێویستم بۆ کارکردن و رێکخستنەوەی تیپەکە و کۆکردنەوەی یاریزانانی نوێ لە تیپەکەدا هەیە، ئەو دووپاتیدەکاتەوە تیپەکەی هەنگاو بەهەنگاو بەرەو باشتربوونی زیاتر دەچێت، "ئیمە لە وەرزی پێشوو باشترین و هەموو یارییەک لەوەی دیکە باشتر دەردەکەوین، پلانی من و ئەو گوڕوتینەی یاریزانان هەیانە وا دەردەکەوێت کە زۆر باشتربین لە ساڵی پار".
گواردیۆلا یەکەم راهێنەرە لە مێژووی مانچێستەر سیتیدا نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە. هەروەها خاوەنی شەش نازناوی پرێمەرلیگە لەگەڵ یانەکە.