هەرێم نیوز
هاوینی داهاتوو گرێبەستی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا کۆتایی دێت و یانەکە بڕیاریداوە گرێبەستی ئەو هێرشبەرە پۆڵەندییە نوێنەکاتەوە. بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە گوشار دەکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێی لاو.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە گرێبەستی لیڤای تەمەن 37 ساڵ کە هاوینی 2026 کۆتایی دێت، نوێنەکاتەوە و بەوەش یانەکە خۆی بۆ گۆڕانکاری لە هێرشبەری سەرەڕمی تیپەکەدا ئامادە دەکات.
راپۆرتی رۆژنامە ئیسپانییەکان، هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لەهەوڵی یانە کەتەلۆنییەکە دەکەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکی ژمارە نۆ، لە کاتێکدا هاوینی رابردوو ناوی چەندین هێرشبەر بەیانەکەوە بەسترانەوە، بەڵام بارسا گرێبەستی لەگەڵ هیچ هێرشبەرێکی سەرەڕمدا نەکرد.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' ئاشکرایکردووە، دیکۆی بەڕێوبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، ناوێکی نوێی خستووەتە سەر مێزی هانزی فلیکی راهێنەر و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی، ئەو ناوەش، ئێتا ئیۆنگی کامیرۆنی، هێرشبەری یانەی لیڤانتێی ئیسپانییە کە سەرەتایەکی درەوشاوەی لەگەڵ تیپەکەیدا هەبووە.
ئێتا ئیۆنگی تەمەن 21 ساڵ، لە مانگی 7 ئەمساڵدا لە ڤیاڕیاڵ لە تیپی دووەمەوە سەرخرا بۆ تیپی یەکەم، لە 3 یاریدا لەگەڵ ڤیاڕیاڵ گۆڵێک و دوو ئەسیست بکات، بەڵام چەند رۆژێک بەر لەداخستنی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، یانەی لیڤانتێ بەرامبەر سێ ملیۆن یۆرۆ، گرێبەستی لەگەڵ ئەو یاریزانە کرد.
ئیتا ئەم وەرزە لە 8 یاری لالیگادا، بەشداریی 8 گۆڵی کردووە. ئەوەش وایکردووە لەلایەن چەندین یانەی جیاوازەوە سەرنجی بخرێتە سەر، بەڵام پێدەچێ بارسێلۆنا لە هەمووان نزیکتر بێت بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی.
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا بەهۆی کێشەی داراییەوە، ناتوانێت ئازادانە لە بازاڕی گواستنەوەدا یاریزانی نوێ بەدەست بهێنێت، هەربۆیە کارگێڕیی یانەکە پێیانوایە ئیۆنگ بژاردەیەکی باشە، گەنجە و کاریگەرە، هاوکات تێچووی گواستنەوەکەی نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە دەکەوێت.
ئەوەی ئەگەری چوونی ئەو هێرشبەرە لاوە بۆ بارسێلۆنا زیاتر دەکات، سەرسامبوونی هەریەکە لە هانزی فلیکی راهێنەر و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەیە بەتواناکانی ئەو یاریزانە کە دەتوانێت وەک هێرشبەری سەرەڕم و هاوکات هێرشبەری باڵ یاریی بکات.
رێساکانی فیفا رێگە بەگواستنەوەی ئیۆنگ لەماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا نادات، لەبەرئەوەی ئەو یاریزانە، پێشتر لەم وەرزەدا بۆ دوو یانە یاری کردووە. ئەوەش کات بە بارسێلۆنا دەدات بۆ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی پێشکەوتنەکانی یاریزانەکە و کۆکردنەوەی پارە لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵی لە هاویندا.
ئەگەرچی ڤیاڕیاڵیش بەپێی رێکەوتنی لەگەڵ لیڤانتێ، مافی کڕینەوەی ئەو یاریزانەی لە هاوینی 2026دا هەیە بەرامبەر 6 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ویستی یارییکردن بۆ بارسێلۆنا، ئەو یاریزانە لە یانەکە کەتەلۆنییەکە نزیکتر دەکاتەوە، زیاتر لە گەڕانەوە بۆ ڤیاڕیال.