هەرێم نیوز
بەڕێوبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، "ئامادەکاری تەواو کراوە، لە دوو مانگی داھاتوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ھەمووی دەبێتە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و چیتر کێشەی کارەبامان نامینێت."
ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، "ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە مانگی داھاتوو تا کۆتایی مانگی 10، ھەموو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێتە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری. ئەمە پڕۆژەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، زۆر پەلەی لێ دەکرێت بۆ ئەوەی بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت، بۆیە لەسەنتەری سۆران و دەوروبەری کارەبا بە یەک پاکێج دەبێتە 24 کاتژمێری."
ئەردەوان ئیبراھیم ئاماژەی بەوەش کرد، "بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 116 موەلیدە، لەخەلیفان نزیکەی 30 موەلیدە، لە چۆمان، مێرگەسۆر و ڕەواندزیش نزیکەی 160 موەلیدە دەکوژێنەوە و خەڵک دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و چیتر کێشەی کارەبا لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران نامینێت."