دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

دەمیرتاش: سوور دەبین لەسەر داوای ئاشتی

هەرێم نیوز 

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ئێستا لە زینداندایە، لە ڕێگەی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەیدا، دەمیرتاش وێڕای ناردنی سڵاو بۆ دۆست و لایەنگرانی، جەختی لەسەر بەردەوامبوون لە خەباتی دیموکراسی و سووربوون لەسەر داوای ئاشتی کردەوە. ناوبراو هیوای خواست کە ئاشتی ببێتە هۆی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە تورکیا.

دەقی پەیامەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش:

"لە ڕێگەی پەرلەمانتارە بەڕێزەکەمان، بەڕێز گەرگەرلیئۆغڵوەوە، سڵاوێکی پڕ بە دڵ و خۆشەویستیمان ئاراستەی هەموو ئەو دۆستانە دەکەین کە سڵاو و هەستی هاوپشتییان ناردووە.

لەکاتێکدا بەبێوچان درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین بۆ دادپەروەرییەکی ڕاستەقینە، یەکسانی و دیموکراسی بۆ هەمووان، هاوکات سوور دەبین لەسەر وتنی ئاشتی.

هیوادارین بە هاتنی ئاشتی، لاپەڕەیەکی نوێ لە تورکیا هەڵبدرێتەوە و زەمینەیەکی زۆر بەهێزتر بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ڕووناک پێکەوە بێتە ئاراوە.

بە هیوای ڕۆژانی پڕ لە ئازادی."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP