هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، رەزامەندییان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سوریا نیشانداوە، بەڵام دەبێت کار لەسەر وردەکارییەکان بکرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری تێکنەچێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئیندیەن ئێکسپرێس، رایگەیاند، ئەمە بەشێکە لە رێککەوتنەکەی 10ی ئاداری رابردوو لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کە سەرەڕای لاوازیی جێبەجێکردنی، بەڵام کاردەکەن بۆ فراوانکردنی و رێگریکردن لە قۆستنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی.
وتیشی، رەزامەندییان لەسەر تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا نیشانداوە، بەڵام دەبێت كار لەسەر وردەكارییەكان بكەن بۆئەوەی سەقامگیریی تێكنەچێت و هیچ لایەنێك بۆشایی ئەمنی نەقۆزێتەوە.
جەختی لەسەر پێویستیی ئەوەی سوپای سوریا خاوەنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بێت کە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ڕۆڵی سوپا بەرگریکردن لە هەموو گەلی سوریا بێت و ملکەچی هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت نەبێت".
عەبدی جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە ڕێگایەکی ڕوون کردەوە بۆ تێکەڵکردنی سەرجەم گروپە سەربازییەکان لەگەڵ سوپای سوریا، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ڕێگری لە دووبەرەکی.
ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی هەسەدەئەزموونی "ئیدارەی خۆسەر"ی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە مۆدێلێکی ئەرێنی زانی بۆ حوکمڕانی لە سوریای داهاتوودا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ئیدارەیە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا توانیویەتی ئەو ناوچانە ئاوەدان بکاتەوە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون و ئاسایش لەوێدا جێگیر بکاتەوە.
عەبدی پێی وایە "ئەمڕۆ سوریا دەرفەتێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ گواستنەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی و لامەرکەزی"، ئەمەش دوای داڕمانی "سیستەمی ناوەندگەرایی و دیکتاتۆری" لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو. جەختیشی لەوە کردەوە کە "کۆمەڵگەی سوریا تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت".