هەرێم نیوز
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بەڵام چەکی دەرەوەی دەوڵەت و گروپە چەکدارەکان، هەڕەشەیەكی راستەقینەن بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆو ئاشتی کۆمەڵایەتی.
لە وتارێکدا کە لە میانی کۆبونەوەی سەرۆکی پەرلەمانەكانی جیهان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ پێشكەشیكرد، شاخەوان عەبدوڵڵا وتی: بەم دواییانە شاهیدی هێرشی تیرۆریستی مەترسیداربووین، بە بەكارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژكراو، كە ژێرخان و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردە ئامانج.
وتیشی: ئەم هێرشانە بەرهەمهێنانی لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی پەکخستووە، وێڕای کاریگەری لەسەر بارودۆخی ئابوری و مرۆیی لە ناوچەكە.