هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وێنەی نوێی عەجاج تکریتی، جەللادەکەی نوگرە سەلمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پاش شەش مانگ بەدواداچوون، لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیریان کردووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند: دوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی هەواڵگریی کە زیاتر لە شەش مانگی خایاند، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای موسەننا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی باشووری پارێزگای سەڵاحەددین، توانیان عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە (حەجاج نوگرە سەلمان)، یەکێک لە جەللادە داواکراوەکانی ڕژێمی پێشووە کە هەڵهاتبوو، دەستگیر بکەن، کە پێشتر پۆستی ئەفسەری ئەمنی زیندانی بەناوبانگی نوگرە سەلمان بووە.
لە سەردەمی بەعس، تۆمەتبار چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی بەرامبەر بە سەدان هاووڵاتی کورد و عێراقی ئەنجامداوە، بەتایبەتی ئەو کوردانەی کە بە زۆرەملێ گواسترابوونەوە بۆ زیندانیی نوگرە سەلمان لە پارێزگای موسەننا، تۆمەتبار ئەو منداڵ، ئافرەت و پیر و پیاوە کوردانەی لەو زیندانە ئەشکەنجەداوە و کوشتوونی و لەسێدارەی داون، بەشداربووە لە زیندەبەچاڵکردنیان و دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر ئافرەتان.
پێشتر تۆمەتبار چەندین پۆستی ئەمنی هەبووە، لەوانە؛ ئەفسەری ناوچەی پارێزگای موسەننا و ئەفسەری ناوچەی نوگرە سەلمان، ئەفسەری ناوچەی ڕومێسە و چەند ناوچەیەکی دیکە.