هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، ئەرکی حکومەتی عێراقە هەرچی پێویستە بیکات بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالی بارزانییەکان.
رۆژی پێنجشەممە، 31-07-2025، لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالکردنی 8 هەزار هاووڵاتیی بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەنفالکردنی بارزانییان لەلایەن رژێمی ئەوسای عێراقەوە، بەردەوامیی زنجیرەیەک تاوان بوو بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان، بەڵام لەبەرامبەر خۆڕاگریی کوردستانيياندا شکستی هێنا و بووە پەڵەیەکی رەش بە نێوچەوانی ئەنجامدەرانییەوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "دەستی ئەو دایکە دڵسۆزانە ماچ دەکەم کە بە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان، منداڵەکانیان پەروەردە و گەورە کرد."
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، پێویستە ئازارەکانی رابردوو ببنە هاندەر تاوەکو "هەموو پێکهاتەکانی عێراق پێکەوە بە یەکترقبووڵکردن و رێزلەیەکگرتن و لێبوردەیی، ئاشتییانە و شکۆمەندانە بە ئازادی و سەرفرازی بژین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سڵاو بۆ گیانی شەهیدان دەنێرێت و سوپاسی "هەموو ئەو جوامێرانە" دەکات کە لە هەولێر و ناوچەکانی دیکە "بەهانای بارزانییە لێقەوماوەکانەوە چوون و یارمەتییان دان."