هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە سنووری هەردوو گوندی باخان و جافەرانی سەر بە شارۆچكەی قەرەداغ، زیاتر لە ١٠ دۆنم پووش و پاوان و ڕەز و دارستان سووتا و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەستی پێكردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی سەبارەت بە سووتانی چەند دۆنمێك پووش و پاوان و ڕەز و دارستان لە سنووری قەرەداغ، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیدراوەكەدا هاتووە، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرەوە لە سنووری هەردوو گوندی باخان و جافەرانی سەر بە شارۆچكەی قەرەداغ، زیاتر لە ١٠ دۆنم پووش و پاوان و ڕەز و دارستان سووتا.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئاگرەكە لەلایەن تیمەكانی بەشی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ، بە هاوكاری بەرگری شارستانی سنوورەكە و هاوڵاتیان و دانیشتووانی گوندەكان كۆنترۆڵ كراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیش بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆكاری سەرەكی كەوتنەوەی ئاگرەكان.