هەرێم نیوز
ئەکادیمیای کوردی ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری قەدەغەکردنی وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوەکان بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکوک، موسڵ و دیالە بڕیارێکی ڕەگەزپەرستانەیه و داوا دهكات ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستورییە هەڵبوەشێنرێتەوە.
ئەکادیمیای کوردی له ڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "بڕیاری ژمارە 6469ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی 7ی 2025دا دەرچوە و تێیدا زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەغە کردوە، ڕسوا دەکەین و بە بڕیارێکی ڕەگەزپەرستانەی دەزانین".
داواکارین چی زوترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستورییە هەڵبوەشێنرێتەوە
ئاماژهی بهوهشكردوه، "داواکارین چی زوترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستورییە هەڵبوەشێنرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات".
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی کە ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی 7ی 2025، دەرچووە؛ زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە قوتابییانی کورد دەدا، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە و دواتر وەرگێڕانیان بۆ بکرێت.
بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تایبەت بە قوتابییانی کورد لەو سێ زانکۆیە، ساڵی 2010 دەرچوو بوو، بەڵام وەزارەتەکە لە نووسراوەکەی ئەمجارەیەدا، دووپاتی کردووەتەوە، چیدیکە کار بەو بڕیارە ناکرێت و هەر زانکۆیەکیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و ڕێکاری یاسایی لەگەڵی دەگیرێتەبەر.