دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

مەریوان قەرەنی: کوردی زمانێكی فەرمییە، كەس ناتوانێ قەدەغەی بكات

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە په‌رله‌مانی عێراق ڕه‌خنه‌ له‌ بڕیارێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق ده‌گرێت كه‌ توێژینەوە و تاقیكردنەوەكان بە زمانی كوردی قه‌ده‌غه‌كردوه‌، ڕایگه‌یاند، ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵكی لە كوردستان زیاتر هەستی هاوڵاتیبونیان بۆ عێراق كەمتر دەبێتەوە و "بگرە دەتوانین بڵێین كە كەمن ئەوانەی لە دڵەوە خۆیان بە عێراقی دەزانن".

مەریوان قەرەنی،  جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: عێراقی نوێ كە لە ٢٠٠٣ بەدواوە دروست كرایەوە و كوردیش رۆڵێكی باشی تێدا گێڕا، بەو ئامانجە بوو كە جارێكی دیكە مافەكانی كورد زەوت نەكرێن لە هیچ ڕوویەكەوە، نەك هەر ئەنفال و كیمیاباران نەكرێینەوە، بەڵكوو هێندە ماف بە خەڵكی كوردستان بدرێت كە هەستی هاووڵاتیبوونیان بۆ عێراق بۆ دروست ببێتەوە، كەچی بەداخەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا كارێكیان كردووە كە ڕێك پێچەوانەكەی دەرچوو و بەم هۆیەشەوەیە ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵكی لە كوردستان زیاتر هەستی هاووڵاتیبوونیان بۆ عێراق كەمتر دەبێتەوە و بگرە دەتوانین بڵێین كە كەمن ئەوانەی لە دڵەوە خۆیان بە عێراقی دەزانن، بەهۆی ئەم جۆرە رەفتارانەوەیە.

مەریوان قەرەنی ڕایدەگەیەنێ: بەداخەوە لە ١٥ی ٧ی ٢٠٢٥، بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ كاروباری توێژینەوەی زانستی واژۆی لەسەر نووسراوێك كردووە كە تێیدا فەرمانی بە زانكۆكانی (مووسڵ، كەركووك و دیالە) كردووە، توێژینەوە و تاقیكردنەوەكان بە زمانی كوردی نەكرێت و بانگەشەی ئەوە دەكات گوایە خوێندن تەنیا بە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزییە، بگرە فەرمانی كردووە كە پرسیارەكان بۆ قوتابیانی كورد تەرجەمەش نەكرێت.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، دووپاتی دەكاتەوە: ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری لێ داوە، بە تەواوی پێچەوانەی دەستووری عێراقە و پێشێلكردنی زەقی یاسا و دەستووریشە، چونكە لە مادەی ٤ی دەستووری عێراقدا بە روونی هاتووە كە زمانەكانی (عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا)، كەواتە هیچ كەسێك ناتوانێت مافێك كە دەستوور بە خەڵكی داوە و گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە، پێشێل بكات. هەروەك بەپێی هەمان ماددە، مافی خوێندن نەك هەر بە زمانەكانی عەرەبی و كوردی دراوە، بەڵكوو ئەو مافە بە (توركمان و سریان و ئەرمەنییەكان)ـیش دراوە.
هەروەك لە بڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا ئەوە ڕوون كراوەتەوە كە دەبێت لەسەر (بنەمای یەكسانی) لە هەموو دامەزراوەكانی عێراقدا هەردوو زمانەكە بەكار بهێندرێت.
قەرەنی ڕایدەگەیەنێ: هەڵبەت ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، پێچەوانەی چەندان بڕیاری دادگای فیدڕالیی عێراقە كە تێیدا جەخت لە یەكسانیی عێراقییەكان لە هەموو بوارەكان دەكاتەوە.

ئەوەش بیر دێنێتەوە: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رەگ و ڕیشەی ئەم جۆرە بڕیارە، دەبینین كە ئەوە نییە لەبەر پێویستییەكی زانستی زمانی كوردی قەدەغە بكەن، یان لەبەر ئەوەی كە ئەگەر قوتابییەك بە عەرەبی وەڵام بداتەوە مانای وایە زیرەكترە! بە دڵنیاییەوە نەخێر، بەڵكوو تەنیا لە ڕوانگەی شۆڤێنیەت و جیاكاریی رەگەزییەوە ئەم جۆرە بڕیارە دەركراوە، بۆیە دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی کە ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ٧ی ٢٠٢٥، دەرچووە؛ زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە قوتابییانی کورد دەدا، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە و دواتر وەرگێڕانیان بۆ بکرێت. 

بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تایبەت بە قوتابییانی کورد لەو سێ زانکۆیە، ساڵی ٢٠١٠ دەرچوو بوو، بەڵام وەزارەتەکە لە نووسراوەکەی ئەمجارەیەدا، دووپاتی کردووەتەوە، چیدیکە کار بەو بڕیارە ناکرێت و هەر زانکۆیەکیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و ڕێکاری یاسایی لەگەڵی دەگیرێتەبەر. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP