هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە قسەی کردووە، باسیان لە رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە پاریس لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا کردووە و پشتیوانیی فەرەنسای بۆ "گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد" دووپات کردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فرەنسا ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی فرەنسا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا کۆبوەوە، ژان نۆوێل بارۆ، پەیوەندیی بە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە کرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە داهاتویەکی نزیکدا و لە پاریس، دانوستاندن لەنێوان حکومەتی كاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سوریا لەژێر سەرپەرشتیی فرەنسا و ئەمریکادا.
بارۆ لە قسەکانیدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ "گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد" لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دووپات کردووەتەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، "وەزیر پشتیوانیی فەرەنسای بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە لە رێگەی دانوستاندنەوە بۆ یەکخستنی سووریا، تێکەڵکردنی دانیشتووانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە پڕۆسەی راگوزەری سیاسی و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد دووپات کردەوە."