هەرێم نیوز
شارەزایەکی كەشناسی رایگەیاند: "شەپۆلێکی گەرمای بەهێز روودەکاتە تەواوی هەرێم و بۆ رۆژانی داهاتووی ئەم هەفتەیە کاریگەری گەرماکە زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوون و چالاکبوونی نزمە پاڵە پەستۆی گەرمی وەرزی زەریای هیندی لەمڕۆ چوارشەممەوە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز روودەکاتە تەواوی ناوچەکان و بۆ رۆژانی داهاتووی ئەم هەفتەیە سەرەتای کاریگەری گەرماکە دەبێت و پلەی گەرما زیاتر دەبێت.
راشیگەیاند، لەمڕۆوە و رۆژانی داهاتوو پلەکانی گەرما (3 تا 5) پلە بەرزدەبنەوە و زۆرترین پلەکانی بەرزبوونەوەکە لە ناوچە شاخاوی و نیمچە شاخاوی دەبێت، وەک ناوچەکانی هەڵەبجە، سلێمانی، چەمچەماڵ، رانیە، دوکان، دەربەندیخان، قەڵادزێ، حاجیاوا، کۆیە، دهۆک، زاخۆ و سۆران و دەورووبەریان.
روونیشیكردەوە، ئەگەر هەیە لەو ناوچانە و دەورووبەریان پلەی گەرما بگاته (45، 47 و 48)، ئەگەر هەیە ناوچەکانی هەولێر، کەرکوک و دەشتاییەکان بە گەرمیانیشەوە بچێتە نزیک (50 بۆ 51) پلە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم شەپۆلە گەرمایە تا کۆتایی مانگ بەردەوامە و له مەودای ئەم گەرمایەدا گڕە بای گەرمیش بوونی دەبێت و پەڵە هەوریش دروست دەبن، بای شەماڵ و رەشەبای ناو بەناوی تێدا چالاک دەبن بەخێرایی جیاواز و بەپێی ناوچەكان.
ئەو شارەزا كەشناسییە داوا لە هاوڵاتییان دەکات: "لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تاوەکو 4ـی دوانیوەڕۆ نەچنە دەرەوە و ئەگەر چوونە دەرەوەش بۆ کاری پێویست بڕۆن، کڵاو و چەتر و عەینەک بەکاربهێن یان دەرمانی دژه خۆر، چونکە لەو کاتانە تیشکی سەرووی وەنەوشەیی بەرزە و زیانی هەیە بۆ پێست و چاو و هۆکارێکە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە و ئەوانەی ئاژەڵ و پەلەوەریان هەیە پێویستە شوێنیان بۆ فێنک بکەن و لەبەر سێبەربن و ئاویان بۆ دابنێن و زوو زوو بۆیان بگۆڕن و وا باشه خۆراکیش بەیانیان زوو و ئێواران درەنگ پێیان بدرێت".