هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گۆڕەڕی کارەبا لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبای پاڕک-ی چاککردووەتەوە، کە کاریگەری هەبوو لەسەر کۆمەڵێک ناوچەی شاری هەولێر کە هەندێکیان لەناو پڕۆژەی ڕووناکیدان و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی پچڕانی کارەبا بۆ زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی.
لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە یەکێک لە گۆڕەڕەکانی کارەبا لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبای پاڕک، چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر لەژێر پڕۆژەی ڕووناکی تووشی پچڕانی کاتیی کارەبا دەبوون کە کاریگەری هەبوو لەسەر زیاتر 50 هەزار هاوڵاتی. هەربۆیەش دوابەدوای بەدواداچوونی تیمەکانی وەزارەتی کارەبا، دوای بەدواداچوون بۆ کێشەکە، ڕاستەوخۆ کارەکانیان دەستپێکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و چاککردنەوەی گۆڕەڕی کارەبای وێستگەی دابەشکرنی کارەبای پاڕک بەبڕی 100 ملیۆن دینار و لەئێستادا هاوڵاتیان کارەبای بەردەوامی پڕۆژەی ڕووناکییان هەیە.
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکرندنەوەی پچڕانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکانی (سەربەستی، نازناز، پاڕک ڤیو، بەختیاری، ناز سیتی، دریم سیتی، گوندی ئینگلیزی، پڕۆژەی ئیمپایەر، فڕۆکەخانە، مارعۆدە، بەشێکی عەنکاوە).
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی کارەبای بەردەوامییان بۆ دابینکراوە لە پڕۆژەی ڕووناکی.