دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

جارێکی دیکە وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک درێژ ناکرێتەوە

هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتییەکانى پسوڵەی خۆراکیش دەڵێن، پێناچێت جارێکی دیکە وادەکە درێژ بکرێتەوە.

 سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی هەولێرراگەیاند، لە سنووری هەولێر یەک ملیۆن و 550 هەزار کەس پسوڵەی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕکردووەتەوە و دەشڵێت، لە ئێستادا هەفتەیەک کات ماوە تاوەکو هاونیشتمانییان پسوڵەکە پڕ بکەنەوە، لەپاش 1ـی ئابەوە وادەکە درێژناکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا زیاد لە 400 هەزار کەس ماوە کە پسوڵەی ئەلیکترۆنی خۆراک پڕبکەنەوە و دەشڵێت؛ ئەو کەسانە زۆرینەیان خەڵکی دەرەوەی وڵاتن، یاخود گیانیان لەدەستداوە.
گوتیشی، ئەو کەسانەی کە پسوڵەکەی ئەلیکترۆنی خۆراکیان تاوەکو 1ـی ئاب پڕنەکردبێتەوە، ئەوا بەشە خۆراکەکەیان نابڕێت، بەڵکو بەشەخۆراکیان بلۆک یاخود سڕ دەکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی دێنەوە و بەدواداچوون بۆ پرسی پسوڵە خۆراکەکەیان دەکەن.

هاوکات ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری پسوڵەی خوراکی سلێمانی رایگەیاند، بەگوێرەی کۆتا ئامار، یەک ملیۆن و 471 هەزار کەس کەدەکاتە 75%ـی دانیشتووانی سلێمانی، پسوڵەی خۆراکیان پڕکردووەتەوە، بەڵام 498 هەزار کەس ماون پسوڵەکە پڕبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەپاش 1ـی ئابەوە مامەڵەکان بۆ زیادکردن و لابردن و رەشکردنەوە دەبێت بە پارە و دەبێت لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە پارەکە بدرێت.
لەبارەی بلۆککردنی پسوڵەی ئەو کەسانەی کە پڕیان نەکردووەتەوە و بەدەم پرسەکەوە نەچوون، ئاراس محەمەد گوتی، هێشتا رێوشوێنەکان دیارنین و چاوەڕوانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقن وردەکارییەکان بخاتەڕوو".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP