هەرێم نیوز
بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی شارۆچكەكە، لیژنەی زیادەڕەوی سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان هەندێك شوێنی قەزاكە دەخاتە ژێر چاودێری كامێراوە و تابلۆیەکی ئاگاداكردنەوەی لێهەڵدەواسێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بڵاویکردەوە: پێشتر بەکارهێنانی ئەو ڕێگایە سەرکەوتوو بووە و دانانی کامێرا میكانیزمێكی نوێی شارەوانییە، کە ئامانج لێی سنوورداركردنی دیاردەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك لە شوێنە گشتییەكان و پاراستنی زیاتری ژینگەی قەزا و ناحیەكانی سنوری پارێزگای سلێمانییە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، شارەوانی دەربەندیخان تێرمیناڵی كۆنی سلێمانی لە خۆڵ و خاشاك پاككردووەتەوە و پاشان كامێرای چاودێری و ژینگەپارێزی تیادا جێگیر كردووە، لە هەمانكاتدا تابلۆیەکی ئاگاداركردنەوەی لە شوێنەكەدا هەڵواسیوە.
لەسەر تابلۆکە نووسراوە: تكایە خۆڵ و خاشاك لەم شوێنەدا فڕێ مەدەن، بەپێچەوانەوە تووشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبنەوە، بۆ ئاگاداریتان ئەم شوێنە لەژێر چاودێری كامێرادایە.