هەرێم نیوز
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە لە سێ مانگی داهاتوودا، پڕۆژەی ڕووناكی دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە تا كۆتایی ساڵی 2026، كارەبای 24 كاتژمێری هەموو كوردستان دەگرێتەوە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردەوە، كە "ئیدارەی سۆران لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگی داهاتوودا دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی ڕووناکی، کە پڕۆژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری."
ئاماژەی بەوەشداوە "ئێستا هاووڵاتییانمان لە سەنتەری شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، یەکەم هاوینیان بەبێ پچڕانی کارەبا بەڕێ دەکەن، ئەمەش %40ـی تەواوی هاووڵاتییانی کوردستانە. لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەگاتە سۆران."
دەشڵێت، كە "تەواوی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان تا کۆتایی ساڵی 2026 دەستیان دەگاتە کارەبای 24 کاتژمێری."
پرۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەبەست لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هەرێمی کوردستان، بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2025 تەواوی سەنتەری شارەکان بگرێتەوە، هاوکات تاکۆتایی ساڵی 2026 تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری، لەدوای شارەکان ئیدارە سەبەخۆکان و قەزا و ناحیەکان دەگرێتەوە.