دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیای ئیسرائیلی:پێدەچێت چەند ڕۆژی داهاتوو دانوستانی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەبچێت

هەرێم نیوز

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بە گوێرەی پەیوەندییەکانی کاربەدەستانی ئەمریکا و حکومەتی ئیسرائیل، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجامداوە بۆ بەڕێوەچوونی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان دوو وڵات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە پاش هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حکومەتی ئێران و کوشتنی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی لە تاران، عەلی خامنەیی و ڕاوێژکارەکانی و عەباس عێرەقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش جەختیان لەوە کردبووەوە کە دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمریکا لانیکەم تاوەکو ماوەیەکی زۆر ڕادەگیرێت.

پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان بدەین، "دەبێت دڵنیابین لەوەی ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکاندا جارێکی دیکە ئێمە نەکاتە ئامانج".

بەڵام ئێستا بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ هەوڵدەدات لە ڕێگەی کەناڵێکی پەیوەندی نێوان ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا و عەباس عێراقچی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران بەردەوام بێت و هەفتەی داهاتوو خولی شەشەمی دانوستانەکان ئەنجام بدرێت.

ئەمەش لە دۆخێکدایە کە پێکهاتەی ئێران لاواز بووە بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکان.

هەروەها ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لەلایەن ئەمریکاوە پێشنیار کراوە کە میوانداری ئەم دانوستانانە بکات و ئیسرائیلیش لە چەند ڕۆژێک لەمەوبەرەوە لەم هەفتەیەدا لەم پەیوەندیانە ئاگادار کراوەتەوە.

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی لە واشنتۆن کۆبووەوە، تاوتوێی دۆسیەی ئێران و "ئەو هێڵە سوورانەی کە ئیسرائیل بە پێویستی دەزانێت لە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکاندا ڕێزیان لێبگیرێت" کردووە.

هەروەها گرنگیدان بە چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پێشگرتن لە هەر جۆرە پیتاندنی یۆرانیۆم لە مەرجە سەرەکییەکانی حکومەتی نەتانیاهۆیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP