دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

حیزبوڵڵای لوبنان نزیکە لە چەکداماڵینی تەواوەتی

هەرێم نیوز

ئاژانسی ئەلعەرەبیە بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە، کە حیزبوڵڵای لوبنان بەشێکی بەرچاو لە هێز و کەرەستەی خۆی لەدەست داوە، ئەمەش لە دوای فراوانبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ناوەڕاستی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا.

هەروەها بوونی سەربازیی لە باشووری ڕووباری لیتانی کە سەردەمانێک ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئیسرائیل بووە، نزیکە لە نەمان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 10 هەزار هێزی حیزبوڵڵا دەرکراون و دوو هەزاری دیکەش دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی پێشووی ئەو گرووپە، هاوکارییان وەستاندووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ژمارەی ئێستای هێزەکانی حیزبوڵڵا بە نزیکەی 60 هەزار مەزەندە دەکرێت.

ئەلعەرەبیە هەروەها نووسیویەتی لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا زیاتر لە چوار هەزار هێزی حیزبوڵڵا کە لە فەرماندە و ئەندامانی یەکەکانی شەڕەوە بوون کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بریندار بوون.

حکومەتی لوبنان وەڵامێکی فەرمی و یەکگرتوو ئامادە دەکات بۆ ئەو بەڵگەنامەیەی کە لەلایەن تۆماس باراک نێردەی ئەمریکاوە پێشکەش کراوە، پێشنیارێک کە داوای داماڵینی چەکداماڵینی تەواوەتی حیزبوڵڵا دەکات لە سەرتاسەری لوبنان تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، لە بەرامبەر ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و کشانەوە لە پێنج شوێنی داگیرکراو.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئەلعەرەبییان ڕاگەیاندووە، سەرەڕای لێدوانی دووبارەی نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا سەبارەت بە داڕشتنەوەی هەیکەلی ناوخۆی ئەو گرووپە، حیزبوڵڵا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرچاوی توانا سەربازی و مرۆییەکانی بووەتەوە.

بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی پێشووی حیزبوڵڵا، تا مانگی تشرینی یەکەمی 2021، گروپەکە نزیکەی 100 هەزار هێزی سەربازیی مەشقپێکراوی هەبووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارکراوەکان بە ئەلعەرەبییان ڕاگەیاندووە، نزیکەی 10 هەزار لەو هێزانە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا لە هێزەکانیان دەرچوون، هەروەها ژمارەی ئێستای هێزەکانی کەمبووەتەوە بۆ 60 هەزار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP