هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت: ئێران پابەندە بە پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕێککەوتنی پاراستنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
عێراقچی ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، کە بە پێی یاسای نوێی پەرلەمان، هاوکاریمان لەگەڵ ئەو دەزگایە لە ڕێگەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی یاسای "هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" کە سەرۆککۆماری ئێران واژۆی لەسەر کرد، حکومەتی ئێران پابەندە بە "دەستبەجێ هەر هاوکارییەک" لەگەڵ ئەو دەزگایە ڕابگرێت تا "دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوەندە ئەتۆمییەکان و زانایان" و "بەدەستهێنانی دڵنیایی" لە ڕێزگرتنی تەواو لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئەم یاسایە کە لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەە پەسەند کرا، کاردانەوەی نەرێنی وڵاتانی ڕۆژئاوای لێکەوتەوە، کە داوایان لە تاران کردووە لە زووترین کاتدا هاوکاری پشکنەرانی ئاژانسەکە بکات.