دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ کەنەدا راگرت

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی دەستبەجێی دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا ڕاگەیاند، ئەوەش لە وەڵامی باجی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی کەنەدا كە بەسەر کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئەمریكادا سەپاندویەتی، هەروەها ترەمپ ئەوەی بە "هێرشێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ سەر وڵاتەکەی" ناوبرد. 

سەرۆكی ئەمریكا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" بڵاویكردەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كەنەدا سەختە، بەتایبەتی كە ساڵانێكە باجی تاكو رێژەی 400% بەسەر بەرهەمی جوتیارانی ئەمریكا سەپاندووە، ئێستاش رایگەیاندووە باج بەسەر خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكانی چەند كۆمپانیایەكی تەكنەلۆژی ئەمریكی دەسەپێنێت، ئەوەش هێرشێكی راستەوخۆ و ئاشكرایە بۆ سەر ئەمریكا.

ئەوەشی خستەڕوو، لە وەڵامی ئەو باجە نوێیەی كەنەدا، بڕیاریانداوە سەرجەم پەیوەندییە بازرگانییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا رابگرن، لە حەوت رۆژی داهاتووشدا كەنەدا ئەو بڕە پێناسە گومرگییە دەزانێت كە پێویستە بۆ بازرگانییكردن لەگەڵ ئەمریكا بیدات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشداوە، كەنەدا هەمان هەنگاوی یەكێتی ئەوروپا دەنێتەوە بۆ سەپاندنی باج بەسەر ئەمریكا، لەكاتێكدا یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریكا لەگفتوگۆدایە لەسەر ئەو بابەتە.

کەنەدا کە 41 ملیۆن کەسی تێدایە، سێ لەسەر چواری هەناردەکردنی بۆ ئەمریکایە و دوایین ڕاپۆرتی هەلی کاریش دەریدەخات کە باجەکانی ترەمپ زیان بە ئابوری کەنەدا دەگەیەنێت.

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا، باجی 25%ی بەسەر کاڵاکانی کەنەدی هاوردەکراو بۆ ئەمریکا سەپاند، ئەوە جگە لە باج لەسەر کەرتە تایبەتەکانی وەک ئۆتۆمبێل و پۆڵا و ئەلەمنیۆم، بەڵام هەندێکیانی هەڵپەسارد تا دوای دانوستانەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP