هەرێم نیوز
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لەبارەی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسەکە، وتی: هاوکاری لەگەڵ ئاژانس پابەندبوونێکی نێودەوڵەتییە، ئێران مافی ئەوەی نییە تاکلایەنە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسدا ڕابگرێت و ئەم کارە لێکەوتەی جددیی دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی فرانس ئینتەرناشناڵ ڕایگەیاند: ئێران ئەندامی پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە و لە ڕووی یاساییەوە مافی ئەوەیان نییە تاکلایەنە ئەو هاوکارییە ڕابگرن و ئەگەر ئەوان بڕیارێکی وا بدەن، ئێمە لە لێواری قەیرانێکی نوێدا دەبین.
گرۆسی کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بۆ دیدار لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران لە فۆردۆ وتی: بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد و ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەزانێت دەربارەی دامەزراوەی فۆردۆ و ئەو بۆمبانەی بەسەریدا کەوتوونەتە خوارەوە، سەنتەرفیوژەکانی بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ چیتر کارناکەن بەهۆی ئەو لەرزینە توندەی کە بەهۆی تەقینەوەکە تووشی بووە، کە زیانێکی زۆری فیزیکی لێکەوتووەتەوە.
پەرلەمانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە پلانی هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی پەسەند کرد، هاوکات گرۆسی ڕایگەیاند کە گەڕاندنەوەی پشکنەرەکان بۆ شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان "ئەولەوییەتی سەرەکییە".