هەرێم نیوز
لەیەکەم پەیامیدا لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێبەرى باڵاى ئێران دەڵێت ئیسرائیل لە ژێر هێرشەکانی ئێران نزیک بوو لە داڕمان، هاوکات پیرۆزبایی سەرکەوتن بەسەر ئیسرائیل لە سوپاى وڵاتەکەى دەکات.
عەلى خامنەیی ڕیبەرى باڵاى ئێران پەیامێکى ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت: ئەمریکا هیچ دەستکەوتێکی لەم شەڕە بەدەست نەهێناوە.
هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ئیسرائیل لە ژێر هێرشەکانی ئێران نزیک بوو لە داڕمان، بەوبۆنەیەوە نووسیویەتی: پیرۆزبایی سەرکەوتنتان لێدەکەم بەسەر ئیسرائیلدا.
پێشتریش لەهەمان هەژماردا ئاماژە بەوەکراوە خامنەیی بەمزوانە وتارێکی ڤیدیۆیی بڵاودەکاتەوە.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە لە 13ی حوزەیران دەستیانپێکرد، نەک تەنیا دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو کەسایەتییە باڵا سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکانیشیان کردە ئامانج.
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هێرشی کردە سەر هەرسێ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەو هێرشەی کردیانە سەر بنکە ئەتۆمییەکانیان، پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەیان "چەندین دەیە" گەڕاندووەتەوە دواوە.
دوای ئەوەی ئاگربەستەکە رۆژی سێشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنی دا کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تێکدەشکێنێت.
بەشێکی پەیامەکەی خامنەیی
بە ئەرکی خۆم دەزانم چەند پیرۆزباییەک لە گەلی ئێران بکەم، یەکەمیان پیرۆزبایی سەرکەوتنیان بەسەر ئیسرائیلی ساختەدا لێ دەکەم.
سەرەڕای ئەو هەموو ژاوەژاو و پڕوپاگەندە و تۆمەتانە، ئیسرائیل نزیک بوو بەهۆی هێرشەکانی ئێران دابڕمێت.
دووەم پیرۆزبایی پەیوەندی بە سەرکەوتنی ئێران بەسەر ئەمەریکاوە هەیە. دەشڵێت: ئەمەریکا ڕاستەوخۆ هاتە ناو شەڕەکەوە چونکە هەستی دەکرد ئەگەر نەچێتە ناو جەنگەکەوە ئیسرائیل بە تەواوی لەناو دەچێت. بەڵام لەم شەڕەدا هیچ قازانجێکی نەکرد.
لێرەشدا کۆماری ئیسلامی سەرکەوت و لە بەرامبەردا زلەیەکی توندی لە ئەمەریکا دا.
پیرۆزبایی سێیەم پیرۆزبایی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نائاسایی گەلی ئێرانە.
سوپاس بۆ خوا، میللەتێکی نزیکەی 90 ملیۆن کەسی یەکگرتوو وەستابوون، بە یەک دەنگ، شان بە شانی یەکتر، بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە داواکاری و نیازەکانیان هەبێت، لە کناری یەکتر وەستان و دروشمیان گوتەوە، قسەیان کرد، پشتگیرییان لە هێزە چەکدارەکان کرد، لەمەودواش هەر بەو شێوەیە دەبێت.
میللەتی ئێران لەم بابەتەتدا گەورەیی و سیمای هەڵکەوتوو و دیار و بەرچاوی خۆی نیشان دا وسەلماندی کە لە کاتی پێویستدا ئەم گەلە یەک دەنگە و سوپاس بۆ خوا کە ئەمە ڕووی دا.