هەرێم نیوز
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ دوابەدوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی پاسەوانی، ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیەندرا، هاوکات ئەنجومەنی هەموارکردنەوەی دەستور وتی، ڕەزامەندییمان لەسەر پلانی حکوومەت داوە بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم.
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕاشیگەیاند، ناتوانرێت بەردەوام بێت لە هاوکاری لەگەڵ ئەو دەزگایە کە وەک پارێزەری بەرژەوەندییە دژە مرۆیییەکان و بریکاری ڕژێمی ناشەرعی زایۆنیستی بە دروستکردنی شەڕ و دەستدرێژی دەور دەگێڕێت.
هاوکات ئەنجوومەنی هەمواکردنەوەی دەستووری ئێران ئەمڕۆ، پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025 ڕایگەیاند: ڕەزامەندییمان لەسەر پلانی حکوومەت داوە بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم.
وتەبێژی ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستوور ڕایگەیاند: بەپێی ئەم بڕیارە، حکوومەت پابەندە بە هەڵپەساردنی هەر هاوکارییەک بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە پێناو پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە و ناوەندە ئەتۆمییەکان.
دوێنێ چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، میدیاکان بڵاویان کردەوە، پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، دوێنێ ڕایگەیاند: ئەو پرۆژە یاسایەیان پەسەند کردووە کە حکوومەت پابەند دەکات بە هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
وتەبێژی ئەنجوومەنە ئاشکرای کردووە، ئەو پرۆژە یاسایەی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پەسەندی کرد، بەندێکی تێدایە، کە ڕافایل گرۆسی تۆمەتبار دەکات بە نووسینی ڕاپۆرتی نادروست و پڕ لە سیخوڕی بەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێراندا.