هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیان کرد.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، ڕۆژی چوارشەممە ( ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ) شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی بەڕێز دکتۆر حەیدەر جاسم بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنشینی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانیان کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەکۆبونەوەیەکدا کە بەڕێز دکتۆر هاوڕێ کەمال ڕاوێژکاری وەزارەت و کۆڤان تەحسین بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری و ئەبوبەکر عەلی بەڕێوەبەری گشتی بودجە ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر بابەتی لێبڕینی لە ( ٣ ٪ ) مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێکەوتی ( ٢٠١٤/١/١ ) تا ( ٢٠٢٤/٦/٣٠ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/١ ) وە مانگانە بەقیست لێیان وەردەگیرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا پرسی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگەو چۆنیەتی هەژمارکردنی خزمەت و مووچەکانیان لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
ئەوەش هاتووە، لەڕێکەوتی( ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٥ ) لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە بەفەرمی بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی و بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنەنشینی عێراق کرا بەمەبەستی کۆبونەوەو گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی تایبەت بەخانەنشینان لەهەرێمی کوردستان.