هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبارەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان سەبارەت بە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی هەواڵگریی، کە گوایە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران "شکستی هێنا"وه لە لەناوبردنی توخمە سەرەکییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، دهڵێت، "سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمزى درۆزن هەوڵی شێواندنی هێرشە سەركەوتووەكە دەدەن".
کەناڵی سی ئێن ئێن لەسەر زاری حەوت سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرای کرد، بە پێی لێکدانەوە سەرەتاییەکانی "ڕێکخراوی هەواڵگریی زانیاریی بەرگریی ئەمریکا" کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتەیە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئیران، ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتەی لەناو نەبردووە و تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکەی چەند مانگێک دوا خستووە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لە هێرشەکەدا بەشێک لە دامەزراوە ژیرزەمینییەکان زیانیان پێ گەیشتووە بەڵام بەشە سەرەکییەکان هەر وا لە جێی خۆیانن.
سی ئێن ئێن جەختیشی کردووەتەوە، لێکدانەوەی زیانەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە و بە گەیشتنی زانیاریی زیاتر ڕەنگە ئەنجامی ئەم لێکدانەوەیە بگۆڕدرێ بەڵام ئەوەی تا ئێستا لەبەر دەستە، بە پێچەوانەی لێدوانی سەرۆکی ئەمریکایە کە گوتبووی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە تەواوی لەناو چوون.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئەم وڵاتەوە ڕایگەیاندووە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتەی بۆ چەند ساڵ دوا خستووە بەڵام بە پێچەوانەی لێدوانەکانی ترامپ، نەیتوانیوە ئەم بەرنامەیە بە تەواوی لەناو ببات.
ئەو بەرپرسە باڵایە جەختیشی کردووەتەوە بەردەوام زانیاریی نوێ لەمبارەیەوە کۆ دەکرێتەوە و لێکدانەوەیەکی وردتر لە دۆخی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لە هەفتەکانی داهاتوودا دەخرێتە ڕوو.
ئەم هەواڵانە ترەمپی توڕە کردوە و دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکیدا له ههژماری تایبهتی خۆی له Truth social نوسیویەتی، "فەیک نیوز سی ئێن ئێن بە هاوبەشی لەگەڵ نیویۆرک تایمز، وۆڵ ستریت جۆرناڵ، یەکگرتون بۆ زڕاندنی ناوبانگی یەکێک لە سەرکەوتوترین هێرشە سەربازییەکانی مێژو، پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی لەناوچون".
هاوکات کارۆلین لیڤیت، سكرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندوە، "ئەم هەڵسەنگاندنە گوماناوییە بە تەواوی درۆیە، وەک نهێنییەکی سەرەکی پۆلێنکرا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەلایەن کەسێکی بێناو لە کۆمەڵگەی هەواڵگرییەوە بۆ سی ئێن ئێن دزەپێکرا".
سكرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی وتیشی، "هەمو کەسێک دەزانێت چی ڕودەدات کاتێک 14 بۆمبی 30 هەزار پاوند (زیاتر لە 13 تۆن) بە وردی بخەیتە سەر ئامانجەکانیان: لەناوبردنی تەواو".