هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، هۆشداری بە ئێران داو وتی، ئێران دەست بۆ چەکی ئەتۆمی ببات، هێرشی دەکەینەوە سەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی 6ی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لەگەڵ مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ کۆبووەوە.
دۆناڵد ترەمپ دوای کۆبوونەوەکە وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و وتی: ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، هێزەکانی ئیسرائیل دوێنی گەڕانەوە وڵاتەکەیان، بۆ ئەمەش زۆر شانازییان پێوە دەکەم، هەرچەندە ویستییان سەرپێچی لە ئاگربەستەکە بکەن، بەڵام پێم گوتن بگەڕێنەوە و ئەوانیش گەڕانەوە.
لەبارەی ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو کە لە بەرنامەی ئەتۆمی بەردەوام دەبن ڕایگەیاند: نازانم ئەگەر وای گوتبێت، بەڵام دەمەوێت بیڵێم کە پیتاندنی یۆرانیۆم دەبێت کۆتا شت بێت کە بیری لێ بکەنەوە، چونکە ئێمە ڕێگە نادین ئەو کارە ڕووبدات، ئەگەر دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆمیش بکەن ئەوە دووبارە هێرشیان دەکەینەوە سەر.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، ئێمە لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەتووبوین، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو دا بە بەردەوام لەگەڵ ئێران لە پەیوەندی بووینە، ئەوان بە ئاگربەستێکی یەکسان ڕازیبوونە.
وتیشی: ناکرێت دوای ئەوەی ئەو هەموو شتەیان بەسەر هات دووبارە بیر لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بکەنەوە، چونکە ئێمە ڕێگەیان پێ نادەین، هاوکات لە هێرشەکەشدا هەموو شتێکمان وێران کرد، بۆیە دڵنییام بۆ ماوەیەکی درێژ بۆمبی ئەتۆمی دروست ناکەن. ئەوان دەتوانن لە ڕێگەی بازرگانییەوە، پەرە بە وڵاتەکەیان بدەنەوە، چونکە نەوتێکی زۆریان هەیە و کەسانی زیرەکییان هەیە.
لەبارەی ڕاپۆرتەکانی میدیایی وڵاتەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەوان هیچ لەبارەی هێرشەکەو نازانن، بەڵکوو ئیسرائیل ئەوەمان پی دەڵێت، چونکە هەندێک کەسی ئەوان لە دامەزراوەی فۆردۆ بوونە، وتیشی: لە هێرشەکەدا تەقینەوە مەزنەکە لە ژێرەوە بوویە، بەو شێوەیەش بە تەواوی لە نێو چووە.
ترەمپ باسی لەوەش کرد، هێرشەکە لە بەرزایی 15 کیلۆمەتەر کراوە کە پێشتر بە هیچ شێوەیەک هێرشی وا نەکراوە، هەروەها 30 مووشەکی تۆماهۆکی ژێر دەریا لە دووری 643 کیلۆمەتەر هەڵدراون.
هاوکات پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا کە لە کۆبوونەوەکە بەشداربوو و گوتی: ئەگەر پرسیار لەو کەسانە بکەیت کە بۆمبەکەیان دروست کردووە تێدەگەیت کە ئەو بۆمبە چۆن هەموو شتێک وێران دەکات و بەبێ هەڵە ئامانجەکەی دەپێکێت، بەمەش هەموو شتێک لە فۆردۆ وێران بووە. ئاماژەشی دا، بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەگەڵ ئێف بی ئای کار دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ وتی: لەبارەی غەززەوە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ڕاگەیاندووم کە ئاگربەستی غەززە نزیکە، هاوکات پێشکەوتنی زۆر باشیش لەوبارەیەوە هەیە.
مارک رووتە سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پیاوی هێز و ئاشتییە، ئاگربەستی لە نێوان زۆر وڵات ڕاگەیاندووە، بەتایبەتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، بۆ ئەمەش ستایشی دەکەم، چونکە ئەمە بۆ جیهان زۆر گرنگ بوو، بەبێ ئەو ئاگربەست نە دەکرا.
گوتیشی: بەهۆی فشارەکانی دۆناڵد ترەمپەوە، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بودجەی بەرگرییان بە ڕێژەی %2 بەرزکردووەتەوە، بەشێوەیەک زیاتر لە یەک تریلیۆ دۆلار بودجەی بەرگریی ناتۆ زیادی کردووە.
ئاماژەشی دا، بڕیاریشە ئەمڕۆ بۆ ڕێژەکە بۆ سەدا %5 بەرزبکەینەوە، بۆئەوەی هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بە یەکسانی بەشە بودجەی خۆیان بدەن.