هەرێم نیوز
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئهمڕۆ چوارشەممە ڕەتکردنەوەی بڕیاری ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەو ئاژانسە و خۆبەدورگرتن لە پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕاگەیاند و دهڵێت، "قبوڵ ناكرێت".
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئهتۆمی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە تێیدا هاتووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێ پچڕانی پشکنینەکان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران قبوڵ بکات، دەرفەتێک هەیە بۆ دوبارە چارەسەرکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە دوای ململانێی سەربازیی ئەم دواییە".
ئاماژهی بهوهشكرد، میکانیزمی پشکنین لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران تێکچوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە "زانیاری تەکنەلۆژی ئەتۆمی لە ئێراندا هەیە، هەروەک چۆن توانای پیشەسازی هەیە و کەس ناتوانێ ئینکاری ئەوە بکات".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کردوە، دوای ئهوهی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران دوێنێ سێشەممە پەسەندکردنی وردەکارییەکانی پڕۆژەیاسایەکی ڕاگەیاند، کە داوا لە حکومەت دەکات هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئهتۆمی ڕابگرێت.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە "ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئهتۆمی ڕادەگرێت تا ئەوکاتەی ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکان گەرەنتی دەکرێت".