هەرێم نیوز
جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ڕایگەیاند: پەکخستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە خۆکوژی بۆ ئەم وڵاتە.
بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، پەرلەمانی ئێران دەنگی بە "داخستنی" گەرووی هورمز داوە.
بەڵام ئیسماعیل کوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەدرێت.
گەرووی هورمز کە دەکەوێتە نێوان کەنداوی فارس و دەریای عومان، تاکە ڕێڕەوی دەریاییە لە کەنداوی فارسەوە بۆ زەریا و بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی کەشتیوانی لە جیهاندا دادەنرێت.
نزیکەی لەسەدا 20ی دابینکردنی نەوتی جیهان (نزیکەی 17-18 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا) بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.