دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئایا ترەمپ بەبێ بڕیاری کۆنگرە دەتوانێت بچێتە شەڕی ئێرانەوە؟

هەرێم نیوز

هێشتا ڕوون نییە ئەمریکا چ ڕۆڵێکی دەبێت لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا. هاوکات دوای لێدوانەکانی دوێنی و ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، ئەو پرسیارە بەرچاو بووە کە ئایا سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی یاسایی هەیە بچێتە ناو ئەم ململانێیەوە؟

دەستووری ئەمریکا ڕێگە بە سەرۆکی ئەم وڵاتە نادات بڕیارێکی ڕاستەوخۆ و تاکلایەنە بدات بۆ ئەوەی بە فەرمی ڕابگەیەنێت و بچێتە شەڕ لەگەڵ وڵاتێک و بە پێی یاسای ئەمریکا تەنها کۆنگرێس - پشتبەستن بە دەنگی نوێنەرانی هەڵبژێردراو و سیناتۆرەکانی گەل - دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات.

بەڵام یاساکە ڕێگە بە سەرۆک کۆمارەکان دەدات کە ڕۆڵی فەرماندەی گشتی سەربازیشیان هەیە، لە ڕێگەی ناردنی هێزەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن لەو حاڵەتانەی کە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و ژیانی هێزەکانی لە ژێر هەڕەشەی دەستبەجێدایە.

بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧ ترامپ فەرمانی هێرشی ئاسمانی لە سوریا و دژی بەشار ئەسەد بەبێ پێویستی ڕەزامەندی کۆنگرێس دەرکرد و هەم مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و هەم هۆکاری مرۆیی هێنایەوە.

پێش ئەو باراک ئۆباما بە پشتبەستن بەو زلهێزانە هێرشی کردبووە سەر داعش لە عێراق و سوریا و قاعیدە.

بەڵام بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕێوشوێنەکانی خۆیان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ڕاگەیاند.

تۆماس ماسی لە ویلایەتی کێنتاکیی، کۆماریخواز، ڕۆژی سێشەممە، پڕۆژە یاسایەکی نوێی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەش کرد، کە بە بێ ڕەزامەندی کۆنگرێس، دەستپێکردنی هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران قەدەغە دەکات.

کۆنگرێسمانەکە وتی: ئەمە شەڕی ئێمە نییە، ئەگەر واش بووبێت، ئەوە کۆنگرێسە کە بەپێی دەستوور بڕیار لەسەر ئەمە بدات.

دوێنێ سیناتۆر بێرنی ساندەرز ڕایگەیاند کە لە ئەنجومەنی پیران پڕۆژە یاسایەکی هاوشێوە ئامادە دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP