هەرێم نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە گرژییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا گەیشتە ئاستێکی زۆر بەرز.
گرژییەکان کە بە ڕەخنەگرتنی مەسک لە پاکێجی باجی ئیدارەی ترەمپ دەستیپێکرد، ئێستا هەڕەشەکان گەیشتووەتە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی حکومەت و داڕمانی بەهای بازاڕی تێسلا و تەنانەت ئەگەری دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ لەلایەن مەسکەوە.
پێشتریش ئیلۆن مەسک ڕایگەیاندبوو کە پڕۆژە یاسای نوێی باجەکەی ترەمپ دەبێتە هۆی مایەپووچکردنی بودجەی ئەمریکا و ڕەخنەی لێگرتبوو.
ترەمپ لەمبارەیەوە وتی: زۆر بێ هیوا بووم لە ئیلۆن، ئەو شێت بووە. مەسک کاتێک یارمەتییەکانی حکومەت بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی کەمکرایەوە، ئیتر دەستیکرد بە دژایەتیکردن.
لە پەیامێکدا لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆی، ترەمپ نووسیویەتی، ئیدارەکەی دەتوانێت یارمەتییە فیدراڵیەکان و گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی مەسک هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ملیاران دۆلار پاشەکەوت بکات.
هەر زوو مەسک لە تۆڕی ئێکس وەڵامی دایەوە و نووسی: بە دڵنیاییەوە ئەم کارە بکە.
دوای چەند کاتژمێرێک نرخی پشکەکانی تێسلا بە ڕێژەی زیاتر لە ١٥% دابەزی و نزیکەی ١٥٠ ملیار دۆلاری لە بەهای بازاڕی کۆمپانیای زەبەلاحی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەوانی سڕییەوە.
لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپدا، مەسک نەک هەر بەرگری لە کۆمپانیاکانی کرد، بەڵکو لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وتی: ترەمپ لە فایلەکانی دۆسییەکەی ئیسپتیندایە، هەر بۆیەش ئەو دۆسییە ئاشکرا نەکراوە.
ئەو دۆسییە بە دۆسییەی "بازرگانیی سێکسیی منداڵان" ناسراوە و مشومڕی زۆری لەسەرە. جێفری ئێپستین سەرمایەدارێکی ئەمریکی بوو، کە لەدوای ئەوەی بە تۆمەتی بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵان دەستگیر کرا، لە ساڵی 2019 لە زیندان خۆی کوشت، بەڵام سەدان بەڵگەنامەی نهێنیی لەدوای خۆی جێهێشت کە تێوەگلانی دەیان کەسایەتیی نێوداری جیهانی لە بازرگانییەکەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
لە هەمان کاتدا، مەسک پرسیاری کردووە؛ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە پارتێکی سیاسی نوێ پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتی 80 لەسەدی چینی ناوەند بکات؟
هاوکات ئیلۆن مەسک لە پۆستێکی دیکەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر پشتگیرییەکانی ئەو نەبوایە، ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا دۆڕا و دیموکراتەکان دەستیان بەسەر ئەنجومەنی نوێنەراندا دەگرت.
بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، مەسک لە دوایین هەڵبژاردندا زیاتر لە ٢٩٠ ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە.
بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە کە کێبڕکێی نێوان ئەم دوو کەسایەتییە دیارە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە کە کاریگەری لەسەر نەک تەنها گۆڕەپانی سیاسی دەبێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەکنەلۆجیا و بازاڕە داراییەکانیش دەبێت.