هەرێم نیوز
ئەمریکا دەڵێت لە ئەگەری هاتنی خولی داهاتووی دانوستانەکان، جگە لەو پێشنیازە کە پێشکەش کراوە هیچی ترمان نییە.
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ستیڤن ویتکۆف، نوێنەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشنیارێکی ورد و هەمەلایەنەی ئاراستەی ئێران کردووە و ئەمریکا هانی ڕێژیمی ئێران دەدات قبوڵی بکات.
دەشڵێت: قبوڵکردنی ئەو پێشنیازەی کە پێشکەشکراوە لە بەرژەوەندی ئێرانە، ئێمە چەندانجار بە ڕوونی ڕامانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و لەم ڕووەوە دوو ڕێگا هەیە: ڕێگای باش و ڕێگای خراپ.
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە: پێشبینی دەکەین بەم نزیکانە جارێکی تر لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببینەوە، بەڵام هیچ شتێکی تر نییە بۆ ڕاگەیاندن جگە لەوەی پێشتر پێشکەشمان کردوون.
پێشتر ئەمریکا لە پێشنیارێکدا داوای پێکهێنانی یەکیتییەکی هاوبەشی هەرێمی کردبوو بۆ چاودێریکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و دابینکردنی کەرەستەی ئەتۆمی.
بەپێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، بەگوێرەی پێشنیارەکەی ئەمریکا دەبێت هەریەکە لە ئێران، ئەمریکا، ئیمارات، تورکیا، سعودیە و قەتەڕ ئەندامی یەکێتییەکەبن و ئەرکەکەشی چاودێریکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانە و راگرتنی لە ئاستێکدا نەگاتە پلەی گەیشتن بە چەکی ئەتۆم.