هەرێم نیوز
هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە ئەنجامی 2-1 لە ئەڵمانیای بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یارییەکی ئاگریندا، لە قۆناخی پێش کۆتایی نەیشنسلیگ، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووەوە و چاوی لەوە بوو دووبارە بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
یارییەکە لە میونشن ئەنجامدەدرا و هەڵبژاردەی خاوەن یاریگە دەستپێشخەر بوو لە گۆڵ تۆمارکردن، فلۆریان ڤێرتز، ئەستێرەی لاوی مانشافت، لە خولەکی 48 گۆڵی یەکەمی بۆ ئەڵمانییەکان تۆمارکرد.
دوای گۆڵەکەی ڤێرتز، یارییەکە گەرموگوڕتر بوو، رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، سێ گۆڕانکاری لە هەمان کاتدا ئەنجامدا، پۆرتوگالییەکان هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون و لە خولەکی 63 سەرکەوتوون بوون لەو ئامانجە و بە گۆڵێکی ناوازەی چیکۆ کۆنسێساو، ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەکی 68، گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ پۆرتوگال تۆمارکرد و سەرکەوتوو بوو لەوەی هەڵبژاردەکەی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ
چیکۆ کۆنسێساو، وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
بردنەوەی پۆرتوگال بە ئەنجامی 2-1 لە ئەڵمانیا، یەکەم بردنەوەی ئەو هەڵبژاردەیەیە دوای 25 ساڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال، چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان فەرەنسا و ئیسپانیا دەکات بۆ ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕوویان ببێتەوە.