دواین هەواڵ

وەرزش‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

راشفۆرد: یامال یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان و دڵخۆشم یاری لەگەڵ دەکەم

هەرێم نیوز 

مارکوس راشفۆرد، ئەستێرەی نوێی یانەی بارسێلۆنا، پەرۆشی خۆی بۆ یاریکردن شانبەشانی لامين یەمالی هاوتیپی نیشاندا و پێیوایە ئەو یاریزانە لاوە یەکێکە لە "باشترین" یاریزانەکانی جیهان.

راشفۆرد دوای مانچێستەر یونایتد خۆی بۆ قۆناخێکی نوێ و ئاڵنگارییەکی دیکە ئامادە دەکات. ئەو نیوەی دووەمی وەرزی 2024-25ـی بەشێوەی خواستن لەگەڵ یانەی ئەستۆن ڤێلا بەسەربرد و توانی ئاستی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام دواتر تووشی پێکان بوو.

یانەی بارسێلۆنای پاڵەوانی لالیگا، هێرشبەرە ئینگلیزەکەی بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی وەرزێک گواستووەتەوە کە بژاردەی کڕینەوەی لە هاوینی 2026 لەخۆدەگرێت. راشفۆردی تەمەن 27 ساڵ، سوورە لەسەر سەلماندنی تواناکانی.

یاریکردن لە تەنیشت یەمالی تەمەن 18 ساڵ، کە چاوەڕوان دەکرێت چەندین جار خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، هاندەرێکی گەورەی راشفۆرد دەبێت. لەم بارەیەوە راشفۆرد وتی: "ئەو بەهرەیەکی زۆر تایبەتە بۆ من، هەست دەکەم وەرزی رابردوو، یەکێک بووە لە یاریزانە پێشەنگەکانی جیهان، ئەگەر باشترینیشیان نەبێت."

هەروەها وتیشی: "هەمووان دەیانەوێت لەگەڵ باشترینەکان یاری بکەن، و بەهرەی زۆر لەم تیپەدا هەیە. من دڵخۆشم و بە پەرۆشم بۆ یاریکردن لەگەڵیان لەنێو یاریگەدا. رەنگە من بتوانم یارمەتییان بدەم و بە دڵنیاییەوە ئەوانیش دەتوانن یارمەتی من بدەن. شتێکی سەرنجڕاکێش دەبێت."

دەربارەی ئەو تایبەتمەندیانەی کە پێشکێشی تیپەکەی هانزی فلیکی دەکات، راشفۆرد وتی: "خۆم دەناسم، یەکێک لە باشترین کارامەییەکانم خۆگونجاندن و گۆڕانە لەگەڵ بارودۆخی نێو یاریگە، بەتایبەتی لە کاتی یارییەکاندا، هیچ ترسێکم لەمە نییە. بە تێپەڕبوونی کات، دووانەیەکی باش دەبین."

ئەو ئەستێرە ئینگلیزە زیاتر دوا و وتی: "پەرۆشم بۆ ئەوەی ئەمە بە زووترین کات رووبدات، هەست بە ئاسوودەیی بکەم و تواناکانم لەم تیپەدا نیشان بدەم. هیوادارم راستەوخۆ رووبدات، بەڵام هەندێکجار ئەوەندە سادە نییە. هەروەها دەمەوێت تێگەیشتنێکی باشترم بۆ یانەکە، هاندەران و کولتوورەکەی هەبێت، دەمەوێت هەموو شتێک ئەزموون بکەم، نەک تەنیا لەنێو یاریگەدا."

راشفۆرد لە ساڵی 2016 و لە تەمەنی 18 ساڵیدا یەکەم یاریی خۆی بۆ مانچێستەر یونایتد ئەنجامدا و بە گشتی لە 426 یارییدا 138 گۆڵی بۆ شەیتانە سوورەکان تۆمارکرد، بەڵام دواتر ئاستی دابەزی و لە پلانەکانی روبن ئامۆریمی راهێنەری یانەکە دوورخرایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP