هەرێم نیوز
مەرجێک کە جێبەجێ ناکرێت، پێشهاتە مەترسیدارەکانی نێوان ریال مەدرید و ڤینیسیۆس جۆنیۆر خێراتر دەکات و رۆیشتنی ئەستێرە بەرازیلییەکە لە یانەی شاهانە نزیکدەکاتەوە.
ریال مەدرید لە وەرزی رابردووەوە هەوڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە بەرازیلییەکەی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەدات، بەڵام گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست و هەردوولا چاوەڕێی دەستپێکی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، ئەوەی کێشەکەی گەورەتر کردووە ئەوەیە کە ڤینیسیۆس داوا دەکات مووچەیەکی وەک مووچەی کیلیان ئێمباپێی پێبدرێت، کە 25 ملیۆن یۆرۆی بێ باجە، بەڵام بەرپرسانی ریال مەدرید ئەو داوایەی رەتدەکەنەوە و دەڵێن "سیاسەتی داراییمان رێگە بەو هەنگاوە نادات".
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی یاریزانە بەرازیلییەکە لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت، بەڵام ریال مەدرید دەیویست تاوەکو هاوینی 2030 درێژی بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی یاریزانەکە چەندین دەستەوارەی گرانبەهای لە خولی سعودییەوە پێگەیشتووە.
بەپێی رادیۆی کادینا سێر، ئەو مەرجە سەرەکییەی کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دایناوە، کە یەکسانکردنی مووچەکەیەتی لەگەڵ مووچەی ئێمباپێ، جێبەجێ ناکرێت؛ ئەمەش ئەگەری فرۆشتنی یاریزانەکە پێش کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 زیاتر دەکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە کاتێک ریال مەدرید بیەوێت دەستبەرداری یەکێک لە ئەستێرەکانی ببێت، ئەو کارە دەکات، چونکە کارگێڕیی یانەکە هیچ یاریزانێک بە نەفرۆشراو دانانێت.
بەپێی کادینا سێر، فلۆرەنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، ئامادە دەبێت ڤینیسیۆس بە بڕی زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ بە خولی سعودی بفرۆشێت بۆ ئەوەی یەکێک لە خەونەکانی بەدیبهێنێت، کە کۆکردنەوەی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و ئێرلینگ هالاندی نەرویجییە لە تیپەکەیدا.
کەسایەتی فلۆرەنتینۆ پێرێز بەتووندی و یەکلاکەرەوەیی ناسراوە، ئەو سەرۆکە بڕیاردەرەیە کە لە رابردوودا دەستبەرداری ئەستێرە گەورەکانی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ (لەساڵی 2018 چوو بۆ یوڤێنتوس)، سێرخیۆ رامۆس (لەساڵی 2021 دوای شکستخواردنی گفتوگۆکانی نوێکردنەوە رۆیشت)، کاسێمیرۆ، ڤاران و چەندانی دیکە بووە، دوودڵ نابێت لە پێدانی بڕیاری قورس ئەگەر هەست بکات یاریزانێک هەڕەشە لە پێکهاتەی یانەکە دەکات یان بەگژ دەسەڵاتیدا دەچێتەوە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ ریال مەدرید بەشداریی لە 322 یارییدا کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، کە تێیدا 106 گۆڵی تۆمارکردووە و 83 ئەسیستیشی هەیە.