دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی فیدراڵی دەچێتە دیمەشق

هەرێم نیوز

سیاسەتمەدارێکی کورد بە ڕۆیتەرزی وتووە، پارتە کوردییەکانی سوریا بەم نزیکانە شاندێک دەنێرن بۆ دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرەڕای دەربڕینی دژایەتی حکومەتی کاتیی سوریاش، هەوڵدەدەن ئامانجەکەیان کە ئۆتۆنۆمی ناوچەکەیە بەرەوپێش ببەن.

ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، دوای زیاتر لە شەش مانگ لە ڕووخانی بەشار ئەسەد، داخوازییەکانی کورد بۆ فیدڕاڵی وەک یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی سووریای نوێ سەریهەڵداوە، کە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتی و تورکیای دراوسێ دژایەتی دەکەن.

سەرجەم حزب و لایەنە کوردییەکان مانگی ڕابردوو دیدگایەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوای یەکخستنی ناوچە کوردییەکانیان وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری لە چوارچێوەی سوریایەکی فیدراڵیدا کرد، بە ئامانجی پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە کاتی شەڕدا.

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: بەڵگەنامەی "دیدگای کوردی"مان دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ دیمەشق. شاندەکەش لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕۆیشتنە دیمەشق.

بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە ڕووبەڕووی کێشە ببینەوە، چونکە هێشتا هەڵوێستی ئەوان لەمبارەیەوە نەگۆڕە.

دوابەدوای کوشتنی ژمارەیەک لە عەلەوییەکان لە مانگی ئازاردا لەلایەن چەکدارانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە ناوچەی کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سوریا، خواست و داواکاری بۆ حکومەتی فیدراڵی لە سوریادا زیاتر وروژاوە و بەشێک لە عەلەوییەکانیش داوای حوکمڕانی لامەرکەزی دەکەن.

ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات، دەستەبەرکردنی "ئاسایش و سەلامەتی ئەم ڕۆژئاوای کوردستان" بووە و ئەگەر ئەمە "لە ڕووی دەستووری و یاسایی و سیاسییەوە گەرەنتی نەکرێت، ئەوا گفتوگۆکردن لەسەر پرسی چەک بێهودە دەبێت".

لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کرد و وتی، پێشبینی دەکەم بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەری لەسەر هەڵوێستی تورکیا لەسەر سوریا هەبێت.

وتیشی: تورکیا بوونی پەکەکە یان ئەو گرووپانەی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو پەکەکەدا بوون، وەک بیانوویەک بۆ هێرشکردنە سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکاردەهێنا.  ئێستا هیچ بیانوویەک بۆ تورکیا نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP