هەرێم نیوز
بریكاری وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند: "ھەر قوتابییەك كۆدی خۆی ھەیە و پەنجەمۆری قوتابیان وەرگیراوە".
د. سەیوان عەلی فەرەج، بریكاری وەزارەتی پەروەردە راگەیاند: "بۆ ئەمساڵ وەزارەت لە رێگەی لیژنەیەكی باڵاوە ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی 12ی ئامادەیی، هۆڵەكان ئامادە كراون كە دوو ھەزار و 700 ھۆڵی تاقیكردنەوەیە و ھەموو پێداوستییەكان بۆ ھۆڵەكان دابین كراون و فێنكەرەوە و كارەباش دابین كراوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ ئەمساڵ بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ــی ئامادەیی، نزیكەی 116 هەزار قوتابی بۆ ئەمساڵ بەشداریی لە تاقیكردنەوەكان دەكەن كە بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست پێ بكات".
د. سەیوان عەلی ئاشکرای دەکات: "ئەمساڵ بەجۆرێك ئامادەكاری كراوە گزیكردن ئەستەمە و ھەر قوتابییەك ھەوڵیشی بۆ بدات، ئاشكرا دەكرێت، چونكە رێكاری زۆر باش گیراوەتەبەر كە ھەر قوتابییەك كۆدی خۆی ھەیە و پەنجەمۆری قوتابیان وەرگیراوە و لەسەر سۆماكانیش بەھەمانشێوە".
گووتی: "بۆیە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، كاری زۆرباش و ئامادەكاریی زۆرباشمان كردووە، بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەكان بەباشترین شێوە و بەبێ كێشە و گرفت بەڕێوە بچن".