هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند، مەسرور بارزانی لەگەڵ سێناتۆر بیل هاگەرتی لە واشنتن کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی 5ی2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر بیل هاگەرتی، کۆبووەوە.
ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، سێناتۆر هاگەرتی، پێشوازیی لە مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی کرد لە بواری وزە و هیوای خواست پەیوەندی ئابووریی و بازرگانی لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی حکوومەت، وێڕای سوپاسی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان ، جەختیشی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی ستراتیجیی نێوان هەردوولا، کردەوە.
ئەوەش هاتووە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، باس لە پێویستی ڕێزگرتن لە مافە دەستووریی و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کرا.