دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: لەناوخۆی عێراق بەپڕۆژەی سیاسی دژایەتی هەوڵەکانمان بۆ پێشخستنی کەرتی وزە دەکرێت

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی لە واشنتن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دوو گرێبەستی بواری وزە کە لە نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان واژۆکراوە، ڕایگەیاند، هەر کەسێک دژایەتی ئەم هەوڵانە بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە هەم لە هەرێمەکە هەم لە عێراقیش.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، ئەم پەیوەندییەش تەنیا لەبەر گرێبەستەکانی دوێنێ نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی قووڵ و مێژوویی لەنێوانمان هەیە، هەر ئەمەش وای کردووە ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێک سەیری هەرێمەکە بکات.

ڕاشیگەیاند، کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

وتیشی، بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، هەندێک لێکدانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە هەرێمەکەی داوە.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین. گوتیشی: لە ئەمەریکا پێشوازییەکی زۆر لەم هەوڵانە دەکرێت کە مەبەست لێی پێشخستنی کەرتی وزە و بووژانەوەی ئابوورییە.

جەختیشی کردەوە، ڕێککەوتنەکان دەرفەتە بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە بەرژەوەندی عێراقیش دایە, هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە هەم لە هەرێمەکە هەم لە عێراقیش.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای بواری وزە بەبەهای 110 ملیار دۆلار واژۆ کردووە، بۆ پەرەپێدانى چەند کێڵگەیەکى گازى سروشتى.

گرێبەستەکانىش بریتین لە کێڵگەکانى تۆپخانە و کوردەمیر لە سنورى گەرمیان لە نێوان وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم و کۆمپانیاى وێسترین زاگرۆس، هەروەها کێڵگەى غازى میرانیش لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ کۆمپانیاى میران ئینێرجى کە لە کۆمپانیاى ئێچ كه‌ی ئێن و گرووپی ئۆنێکس پێکهاتووە.

هەر ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی ئەم گرێبەستانەوە ڕایگەیاند، بە واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان و فراوانبوونی پێوەندیی بازرگانیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان خۆشحاڵین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP