هەرێم نیوز
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێش جەژن مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایاری 2025 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پێش جەژنی قوربان، مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی عێراق تاوەکو 25ی مانگ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی خۆی دابەش دەکات، دواتر دەست بە خەرجکردنی بودجە دەکات، تاوەکو ئێستا ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت لە چوارچێوەی خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەدا، نەک مووچە.
بە وتەی جەمال کۆچەر، "دوای تەواوبوونی وردبینی و رێکارەکان، وەزارەتی دارایی عێراق پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات و مووچەکە دابەش دەکرێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "چەند رۆژێکە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان بۆ بەغدا نێردراوە، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار و داهاتی نانەوتین."