هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، لیستی سەرپێچی و سزاكانی ماتۆڕسوارەكانی راگەیاند، كە سزاكان دادگایكردن و دەستبەسەرداگرتن و سزای دارایی بۆ سەرپێچییەكانی دەنگی گزۆز، نەوەستان لە ترافیکلایت، سەرکێشی و نمایشی تێدایە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەدراویكدا بلاویكردەوە، ژمارەیەك ڕێنماییان دەركردوە و ئەگەر ماتۆڕسوارەکان جێبەجێیان نەکەن سزایی دارایی دەدرێن و دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەر ماتۆڕسوارێك بە دەنگی گزۆز هاوڵاتیان هەراسان بکات، دەدرێتە دادگا و ماتۆڕەكەشی دەستی بەسەردا دەگیرێت. هەروەها هەر ماتۆڕسوارێک لە ترافیکلایتەکان نەوەستێت سزای دارایی دەدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەر ماتۆڕسوارێک کڵاو و سەرئەژنۆ و مەچەکپارێز بەکارنەهێنێت سزای دارایی دەدرێت، سەرپێچیەكانی سەرکێشی و نمایشیش دەدرێنە دادگاو ماتۆڕەكەشی دەستیبەسەردا دەگیرێت.
ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر ماتۆڕەکە لۆگۆی کۆمپانیاکانی دیلیڤەری پێوەبێت، لیستی سزاكە مانگانە بۆ کۆمپانیاکە دەنێردرێت.