هەرێم نیوز
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند پێویستی پەکەکە چەک دابنێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دانوستان دەکەن لەسەر چۆنیەتی ڕادەستکردنی چەک لەلایەن پەکەکەەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە "تورکیایەکی دوور لە تیرۆر هەنگاوێکە کە خزمەت بە ئاشتی و گەشەپێدان و سەقامگیری عێراق و هەروەها سوریا دەکات".
لە پاش کۆنگرەی دوانزەی پەکەکە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، سوپای تورکیا هێشتا بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان.
پێشتر زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن "کەجەکە" لە دیدارێکی تایبەتیدا لەبارەی کۆنگرەی ١٢مینی پارتی کرێکاران وتی: بڕیارەکانی کۆنگرەی 12 کۆتایی هێنانە بە تێکۆشانی چەکداری نەک دانانی چەک.
وتیشی بەر لە باسکردنی دانانی چەک پێویستە باسی کشانەوەی سەربازانی داگیرکەری تورک لە خاکی باشور بکەین.