هەرێم نیوز
ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا ڕۆژی شەممە بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی کرێملین ڕایانگەیاند کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بانگهێشتی سەرجەم سەرکردەکان و ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی کردووە بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ڕووسیا و عەرەبی کە لە 15ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەدەچێت.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت:" من دڵنیام ئەم کۆبوونەوەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیاتر بەهێزکردنی هاوکاری سوودەخشی هاوبەش و فرەلایەنەی نێوان وڵاتەکانمان و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا".
کۆمکاری عەرەبی، ڕێکخراوێکی ناوچەییە و لە وڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە ئەفریقا پێکهاتووە، 22 وڵاتی ئەندامی هەیە کە پابەندن بە هاوکاریکردن لە کاروباری سیاسی و ئابووری و سەربازیی ناوچەکەدا.
ئەم هەواڵانە دوای گەشتی چوار ڕۆژەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەی کەنداو هات لەم هەفتەیەدا، تێیدا ئەمریکا چەند ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سعودیە و قەتەر و ئیمارات بە بەهای نزیک بە چوار تریلیۆن دۆلار واژۆکردووە.