دواین هەواڵ

جیهان‌

 17/05/2025

خامنەیی: ئەمریکا دەبێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبهێڵێت

هەرێم نیوز

عەلی خامنەیی لە وتارێکیدا ئەمڕۆ شەممە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای دایەوە، کە لە گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردی.

خامنەیی دەڵێت: بەشێک لەو لێدوانانەی لە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە دراون بە هیچ شێوەیەک شایەنی وەڵامدانەوە نین. ئاستی قسەکانی هێندە نزمە، بۆ قسەکەر مایەی شەرمەزارییە و بۆ میللەتی ئەمریکیش مایەی شەرمەزارییە. من هیچ کارم بەوانە نییە، بەڵام پێویستە گرنگی بە یەک یان دوو قسەی بدەین.

خامنەیی وتی:" ترەمپ وتی دەیەوێت دەسەڵات بۆ ئاشتی بەکاربهێنێت؛ درۆی کرد. ئەو و بەرپرسانی ئەمریکی، حکومەتەکانی ئەمریکا، دەسەڵاتی خۆیان بەکارهێنا بۆ کۆمەڵکو*ژکردنی غەززە، بۆ هاندانی شەڕ لە هەر شوێنێک کە لە توانایاندا بوو، بۆ پشتگیریکردنی بەکرێگیراوانی خۆیان. بەم شێوەیە دەسەڵاتی خۆیان بەکارهێنا".

وتیشی: دەتوانرێت دەسەڵات بۆ ئارامی و ئاسایش بەکاربهێنرێت؛ بەکوێرایی چاوی دوژمنان، هەموو ڕۆژێک دەسەڵاتی خۆمان و دەسەڵاتی وڵاتەکەمان زیاد دەکەین.

ئاماژەی بەوەش کرد: سەرۆکی ئەمریکا مۆدێلێک پێشکەش بەم وڵاتە عەرەبیانە دەکات، کە بە وتەی خۆی ئەم وڵاتانە تەنانەت دە ڕۆژ بە بێ ئەمریکا ناتوانن بژین. بە دڵنیاییەوە ئەم مۆدێلە شکستی هێناوە. بە هەوڵی گەلانی ناوچەکە، ئەمریکا دەبێت ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵێت.

جێی ئاماژەیە، ترەمپ لە گەشتێکی چوار ڕۆژەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو وەسفی پێشکەوتنی وڵاتانی عەرەبی کرد و وتی لەبەرامبەر ئەواندا وڵاتی ئێران بەرەو داڕووخان ڕۆیشتووە. هەروەها گرێبەستی بە نزیکەی چوار تریلیۆن دۆلار لەگەڵ وڵاتانی سعودییە و قەتەر و ئیمارات کردووە. بەتایبەت لەگەڵ سعودییە لەبواری سەربازیدا گەورەترین ڕێککەوتنی چەکی ئەنجامداوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP