هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سی و چوارەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغداد ڕایگەیاند: عێراق 20 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و 20 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان تەرخانکردووە.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێبازی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و سەرچاوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەیە کە گەلی فەلەستین بە تەواوی مافی خۆی بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە لە خاکەکەیدا بەدەستبهێنێت و ئەو هێرشە بەردەوامانە ڕابگرێت کە سووتەمەنی ململانێ و توندوتیژییە.
هەروەها لەبارەی سوریاشەوە، سودانی ڕایگەیاند پشتیوانی لە یەکپارچەیی کۆماری سوریا و سەروەری وڵاتەکەی و دژایەتیکردنی هەر دەستدرێژییەک یان هەژموونی خاکی سوریا دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی سوریا، لە دروستکردنی سیستەمێکی دەستوری و دیموکراسی لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ئینتقالی گشتگیرەوە کە مافەکانی گەلی سوریا و ئازادی ئایینی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەستەبەر دەکات، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر.
سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی پێشوازی لە بڕیاری ئەمریکا دەکەم بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەر سوریا و هیوادارم کە ئازارەکانی گەلی سوریا کەم ببێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی پێشوازی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەم و :" لەبەر ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە وتووێژ هەیە وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی، ئێمە پشتیوانی لەو دانوستانانە دەکەین و پابەندین بە ڕێبازێک کە لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان و پەیوەندیی بنیاتنەر بنیات بنرێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق خستنەڕووی 18 دەستپێشخەری بۆ کاراکردنی هاوکاریی عەرەبی ڕاگەیاند، کە گرنگترینیان پلانی دامەزراندنی سندوقی عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەی دوای قەیران و شەڕەکانە.
راشیگەیاند عێراق 20 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و 20 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان تەرخانکردووە.
وتیشی: ئەم لوتکەیە تەنها کۆبوونەوەیەک نییە، بەڵکو خاڵی دەستپێکی پڕۆژەیەکی گەورەیە کە ئایندەیەکی شایستەی گەلانی عەرەب و نەوەکانی داهاتوو دابین دەکات.