دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیدارەی خۆسەرو حكومەتی دیمەشق گفتوگۆ دەكەن بۆ هەمواری راگەیاندنی دەستوریی سوریا

هەرێم نیوز 

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، "ئیدارەی خۆسەرو حكومەتی دیمەشق گفتوگۆ دەكەن بۆ هەمواری راگەیاندنی دەستوریی سوریا"

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لەزاری سەرچاوەكانەوە بڵاویکردەوە، نوێنەرانی حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر لە باكورو خۆرهەڵاتی سوریا گفتوگۆیەكی سیاسی دەكەن لەبارەی میكانیزمی هەمواركردنی ماددەكانی راگەیاندنی دەستوریی ئەمدواییەی سوریا. 

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم گفتوگۆیە دوای ناڕەزایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دێت لەبارەی داخڵكردنی هەندێك ماددە لە دەستورەكەدا، كە لەو رێككەوتنە سیاسییەدا نەهاتووە 10ی ئازاری رابردوو لەنێوان هەردوولا ئیمزا كراوە. 

ئەوەش هاتووە، دانوستانەكانی ئێستای دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر ئامانج لێی گەیشتنە بە چوارچێوەیەكی تەوافوقیی كە گەرەنتی مافی دانیشتوانی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا بكات. 

قۆناغی ئێستا دەستپێكی قۆناغێكی سیاسییە كە لەسەر بنەمای دیالۆگ و ئاشتیی راوەستاوە، دوور لە بەریەككەوتنی چەكداریی و لەچوارچێوەی هەوڵدان بۆ داننان بە مافە سیاسییەكانی كورد هاوكات لەگەڵ باشبوونی پەیوەندییەكانی حكومەتی سوریاو سعودیەو ئەمریكا، كە قورساییەكی زیاتر بەم قۆناغە دەدات.  

ڕوانگەی سووری لە زاری سەرچاوەکانەوە دەڵێت، لیژنەیەكی چاودێریی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێكهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بە ماددەكانی رێككەوتنەو گەرەنتیكردنی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك كە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا بكات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP