هەرێم نیوز
حوسییەکان مووشەکێکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە و سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، ڕێگری لە مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە بەرەو خاکی وڵاتەکەی هەڵدرابوو.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن هەڵوەشاوەتەوە.
حوسییەکان پێشتریش هێرشیان کردبووەسەر ئەم فڕۆکەخانە سەرەکییەی ئیسرائیل و ڕایانگەیاندبوو گەمارۆ دەخەنە سەر ئاسمانی ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیلیش بەتوندی وەڵامیان دانەوە.
ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ سەرەتای مانگی سێ ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ حوسییەکان گەیشتووەتە ئاگربەستێک و هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان ڕادەگرێت. بەڵام ڕێککەوتنەکە ئیسرائیل ناگرێتەوە.
حوسییەکان ڕایانگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل.
پاش هەڵگیرسانی جەنگی حەماس ۆ ئیسرائیل، حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە لە دەریای سوور و ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانییان تێکداوە، بە وتەی خۆیان ئامانجیان نیشاندانی هاودەنگییە لەگەڵ فەلەستینییەکان لە غەززە.