هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ سعوودیە، لە لوتکەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، وتی: ئێران دەبێت واز لە پشتیوانی کردنی شەڕی بەوەکالەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت. داواشی لە وڵاتانی عەرەبی کرد سزاکانی سەر ئێران جێبەجێ بکەن.
ترەمپ، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو ڕایگەیاند: گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران مومکینە، بەمەرجێک ئێران بەتەواوەتی لە پشتیوانیکردنی تیرۆر لە ناوچەکە و پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت.
وتیشی: "نابێت حکومەتی ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و داوا لە هەموو وڵاتان دەکەم ئەو سزایانە جێبەجێ بکەن کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە".
سەرۆکی ئەمریکا کە هاوکات چاوپێکەوتنێکی کورتی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا ئەنجامدا، ڕایگەیاند، هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا، سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ ئەو وڵاتە.
ترەمپ پێش چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو لە ڕیاز بۆ ماوەیەکی کورت لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. بن سەلمان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، ئەردۆغانیش بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری کرد.
ترەمپ هەروەها بەراوردی ئێرانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا بەراورد کرد و ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتانە و "دزینی سەروەت و سامانی گەلی ئێران" لە لایەن فەرمانڕەواکانی ئێرانەوە کرد.