هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ کەنداو گەیشتە وڵاتیقەتەر، لەلایەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەرەوە پێشوازی لێكرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی 5ی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ کەنداو، گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری ئەو وڵاتە پێشوازی لە ترەمپ کرد و وتی، "دەزانم ترەمپ ئارامی ناوچەکەی دەوێت".
سبەی پێنجشەممەش بەرەو ئیمارات دەڕوات
دوای بەشداریکردنی لە لوتکەی کەنداو و ئەمریکا لە ڕیاز، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر، و سبەی پێنجشەممەش بەرەو ئیمارات دەڕوات، کە دوا وێستگەی گەشتەکەیەتی بۆ کەنداو.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی قەتەر بڵاویکردەوە، سەردانەکە ماوەی دو ڕۆژ دەخایەنێت، پێشبینیش دەکرێت لەم سەردانەدا ڕێککەوتنەکان لە بوارەکانی بەرگری و وەبەرهێنان و پەروەردە واژۆ بکرێن، ئەوەش هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات بەهێزتر دەکات.
سەردانەکە گوزارشت لە پێگەی دیاری قەتەر دەکات
ئاژانسی هەواڵی قەتەر (QNA) بڵاویکردەوە، "سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا گوزارشت لە پێگەی دیاری قەتەر دەکات وەک هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمریکا".
ئەمەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ سێشەممە بە گەشتێکی سێ ڕۆژەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد و یەکەم سەردانیشی بۆ سعودیە بو، دواتریش سەردانی هەر یەكە لە ئیماراتی عەرەبی و قەتەر دەكات.
سەرۆکی ئەمریکا، شەوی ڕابردو لە وتارێکیدا لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودیە و ئەمریکا ڕایگەیاند، بەمنزیکانە سعودیە پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە دەکات و لەكاتێكی گونجاودا پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەكاتەوە.
وتیشی، "ئیدارەكەی كاردەكات بۆ ئەوەی پەیوەندیەكانی وڵاتەكەی و سوریا ئاسایی بكاتەوە و بڕیاریشی داوە سزاكانی سەر سوریا هەڵبگرێت و كار بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكان دەكەن".
لەبارەی ئێرانیشەوە دەڵێت، "دەمەوێت لەگەڵ تاران ڕێککەوتن ئەنجام بدەم، بەڵام دەرفەتەكەمان بۆ ئەو وڵاتە هەیشەیی نیە و دەبێ خۆی هەڵبژێرێت".